سێ بژاردەی بەردەم ئەمریکا بۆ وەڵامدانەوەی ھێرشەکەی ئوردن

18

18

2024-02-22

لەدوای سەرھەڵدانی شەڕی نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و کەناری خۆرئاوا لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، زیاتر لە ١٦٠ ھێرش کراوەتە سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا، بەڵام ھیچ یەکێک لە ھێرشەکان ھێندەی ھێرشەکەی سەر سنوری سوریا و ئوردن کە بەھۆیەوە ژمارەیەک سەرباز کوژران و برینداربوون، دەنگدانەوەی نەبوو.

ھێرشەکە کاتەکەی بۆ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا زۆر ھەستیارە کە بەرەو ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ھەنگاو دەنێت و روبەڕووی رەخنەیەکی زۆریش بووەتەوە بەتایبەتی لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە.
لێپرسراوانی بەرگری و ھەواڵگری ئەمریکا باسیان لەوە کردووە کە بە ئەگەرێکی زۆر و دڵنیاییەوە شوێنی ئاراستەکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بۆمبڕێژکراوەکە بۆ ھێرشکردنە سەر تاوەری ٢٢ی تایبەت بە ھێزەکانی ئەمریکا لە سێگۆشەی سنوریی نێوان عێراق و سوریا و ئوردن، بنکەی سەربازیی ئیمامی عەلییەوە بووە کە تایبەتە بە ھێزە ھەواڵگرییەکانی ئێران و لە ساڵی ٢٠١٨ دروستکراوە و دەکەوێتە نزیک شارۆچکەی ئەلبوکەمال سەر بەپارێزگای دێرەزور لە سوریا کە ناوچەیەکی سنورییە لەگەڵ عێراق و سەرپەرشتی سەرجەم ھێرشی گرووپە چەکدارەکان دەکات بۆسەر ھێزەکانی ئەمریکا.

ژمارەیەک لە پسپۆڕان و چاودێرانی نێودەوڵەتی دەڵێن، وەڵامدانەوەی ئەو ھێرشە لەلایەن ئەمریکاوە لە دژی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە، خۆی لە سێ بژاردەی سەرەکیدا دەبینێتەوە و ئەگەر ئەمریکا ھەرسێکیشیان جێبەجێ نەکات لانیکەم دووانیان جێبەجێ دەکات.

باس لەوەش دەکەن بژاردەی یەکەم بۆ وەڵامدانەوەی ئەمریکا بریتییە بۆردومانکردن و ھێرشکردنە سەر ھەموو گرووپە چەکدارەکانی سەر بەئێران لە عێراق و سوریا، دووەم بۆردومانکردنی سەرجەم بنکە و بارەگا سەربازیی و ھەواڵگرییەکانی ئێران لەناو خاکی سوریا، سێیەم بژاردەش کردنەئامانجی چەند پێگەیەکی گرنگ و ھەستیار لە ناوخۆی ئێران کە بە رادەیەکی زۆر ئەم ئەگەرەیان بە دوور دەزانرێت.
لەلایەکی تریشەوە ئارۆن دەیڤد میلەر کۆمیسیاری پێشووی ئەمریکا بۆ ئاشتی لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، ئەمریکا بژاردەی زۆری لە بەردەمدایە بۆ وەڵامدانەوە کە بریتین لە کردنە ئامانجی فەرماندە سەربازییەکانی ئێران لەسوریا و عێراق، ھێرشکردنە سەر کەشتییەکانی ئێران لە کەنداو، وتیشی، پێویستە ئەمریکا ئەمجارە وەڵامەکەی ئەوەند توندبێت ببێتە پەیامێک بۆ ئێران و سەرجەم گرووپەکانی ھاوپەیمانی لەناوچەکە کە چیتر بوێری ئەوەیان نەبێت ھێرش بکەنە سەر ئەمریکا و ھێڵە سورەکان ببەزێنن.

جۆیڵ رایبۆرن نێردەی پێشووی ئەمریکا تایبەت بە سوریا لە سەردەمی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ھێرشەکەی سەر تاوەری ٢٢ ئامانجێکی ئاسان بووە بۆ دوژمنان لەناو خاکی سوریا و سەرجەم ھێڵە سورەکانی بەزاندووە، پێویستە ئەمریکا پلانێکی بەھێزی ھەبێت بۆ لاوازکردنی دوژمنەکانی لەرێگەی ھێرشی راستەوخۆوە بەتایبەتیش ئێران بۆئەوەی چیتر توانای ھێرشکردنە سەر ھێزەکانی ئەمریکای نەمێنێت و شەرمەزارییەکی گەورەشە ئەگەر واشنتۆن وەڵامێکی توند و وێرانکەری بۆ ئێران و بریکارەکانی لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست نەبێت.