ئەپیکور داوا لە سیناتۆرێکی ئەمریکا دەکات لە میونشن باسی پرسی نەوتی کوردستان بکات
2024-02-22
کۆمەڵەی نەوتی ئەپیکور لەڕێگەی نامەیەکەوە داوا لە سیناتۆرێکی ئەمریکا دەکات لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان قسە بکات و "یارمەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بدات."
رۆژی هەینی 16-02-2024 کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان، ناسراو بە ئەپیکور APIKUR، لەڕێگەی نامەیەکەوە داوای لە سیناتۆرێکی پارتی دیموکراتی ئەمریکا کرد، لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ بکات.
نامەکە لەلایەن نیکۆڵاس ئەتێنسیۆ، سکرتێری گشتیی ئەپیکورەوە بۆ ریچارد دوربین، سیناتۆری ویلایەتی ئیلینۆی نێردراوە و تێیدا هاتووە، "ئێمە داوای یارمەتی بەپەلەتان لێدەکەین بۆ گوشارخستنە سەر حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی هەنگاوی پێویست بۆ کردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا بنێت."
لە 25ـى ئادارى 2023ـەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیراوە.
سکرتێری گشتیی ئەپیکور ئاماژە بەوە دەکات، کرانەوەی ئەو بۆرییە خزمەتێکی گەورە بە ئابووریی هەرێمی کوردستان دەکات و "لە رێگەیەوە دەتوانێت رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتی خاو هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکات."
گرووپی ئەپیکور لە شەش کۆمپانیای تایبەت بە نەوت لە هەرێمی کوردستان پێکهاتووە و پێش راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆ تورکیا، ئەندامانی ئەو کۆمەڵەیە 50٪ـی نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستانیان بەرهەم دەهێنا.
ئەپیکور دەڵێت، "ئەندامانی کۆمەڵەکەمان چەندین کۆمپانیای نەوت و گازی نێودەوڵەتی لەخۆ گرتووە کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، لەوانەش سێ کۆمپانیای ئەمریکی و چەند کۆمپانیایەکی دیکەی هاوبەشی ئەمریکا. داخستنی ئەم بۆرییە گەمارۆیەکی نەوتی سیاسییە و راستەوخۆ زیان بە بەرژەوەندیی ئەمریکا دەگەیەنێت."
رۆژی پێنجشەممە، 15ـی شوباتی 2024، عەلى عەبدولستار، ئەندامى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەگەر هەیە لە ماوەی مانگێک بۆ دوو مانگی دیکەدا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەستپێبکاتەوە.
ئەپیکور لە نامەکەیدا رەخنە لە حکومەتی عێراق دەگرێت و دەڵێت، "دەبێت بە زووترین کات عێراق هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە و هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵیی عێراق جێبەجێبکات و پارەی کۆمپانیا نەوتییەکان بدات."
لە بەشێکی دیکەی ئەو نامەیەدا هاتووە، "حکومەتی عێراق رەتیدەکاتەوە بودجەی هەرێمی کوردستان بنێرێت و بەردەوام هەڕەشەی دارایی لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی خاوەن ئۆتۆنۆمی دەکات."
لە کۆتاییدا سکرتێری گشتیی ئەپیکور بەو سیناتۆرە دەڵێت، "کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دەرفەتێکە بۆ ئێوە تاوەکو راستەوخۆ ئەم پرسە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق باسبکەن و هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی هاوبەشمان بکەن. ئێمە چاومان لە هاوئاهەنگی و هاوکاریی ئێوەیە لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە."
رۆژی 04-04-2023، بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، رێککەوتنێک واژۆ کرا، کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام هێشتا هەناردە دەستی پێنەکردووەتەوە.