ساڵی رابردوو بە بەهای 508 ملیۆن دۆلار مامەڵە لە بۆرسەی عێراقدا کراوە

ساڵی رابردوو بە بەهای 508 ملیۆن دۆلار مامەڵە لە بۆرسەی عێراقدا کراوە

2024-02-22

بۆرسەی عێراق رایگەیاند، ساڵی رابردوو، بە بەهای 671 ملیار دینار (508 ملیۆن دۆلار) مامەڵە بە پشکەکانی بۆرسەکەوە کراوە.

 

بەپێی راپۆرتی بۆرسەکە کە رۆژی دووشەممە 05-02-2024 بڵاوکراوەتەوە، لە ساڵی رابردوودا 237 گەڕی بازرگانیی پشکی کۆمپانیاکانی بازاڕەکە رێکخراون، بەوەش ژمارەکە 0.4٪ زیادبووە بەراورد بە ساڵی 2022.

 

لەو 237 گەڕەدا، مامەڵە بە 689 ملیار و 622 ملیۆن و 894 هەزار پشکەوە کراوە.

 

بۆرسەکە باسی لەوەشکردووە، لەو ساڵەدا 155 هەزار و 920 مامەڵەی کڕین و فرۆشتن لە بازاڕەکەدا کراون، بەوەش رێژەکە 15٪ زیادبووە بەراورد بە ساڵی 2022.

 

لە ساڵی 2023ـدا، نرخی پشکەکانی 47 کۆمپانیای بازاڕی بۆرسەی عێراق لەسەر ئاستی ساڵانە بەرزبوونەتەوە؛ لەو ژمارەیە، نرخی پشکی حەوت کۆمپانیا زیاتر لە 100٪ بەرزبوونەتەوە.

 

نرخی پشکەکانی کۆمپانیای ئەمین بۆ وەبەرهێنانی خانووبەرە بە رێژەی 525٪ و نرخی پشکەکانی کریدیت بانکی عێراق بە رێژەی 229.2٪، یەکەم و دووەم بەرزترین ئاستی بەرزبوونەوەی ساڵانەیان لە نێو کۆمپانیاکانی بۆرسەی عێراق تۆمارکردووە.

 

بازاڕی بۆرسەی عێراق پێشتر بە بازاڕی بۆرسەی بەغدا ناسرابوو. بارەگاکەی لە بەغدای پایتەختی عێراقە و لە حوزەیرانی 2004ـدا بە فەرمی کرایەوە. پاشان لە ساڵی 2007ـدا بە رووی وەبەرهێنەرانی بیانیشدا کرایەوە.

 

بۆرسەکە لە لایەن لیژنەیەکی ئاڵوگۆڕی سەربەخۆوە بەڕێوەدەبرێت و پشکی 103 کۆمپانیا لە بواری جیاجیا تێیدا مامەڵەیان پێوەدەکرێت.

بەپێی دوایین ئامار، کۆی ئەو سەرمایەی لەنێو بازاڕەکەیە، دەگاتە 13.7 ملیار دۆلار.