نرخی نەوت لە بەرزترین ئاستی سێ هەفتەی رابردوو مامەڵەی پێوەدەکرێت
2024-02-22
نرخی نەوت ئەمڕۆ دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا توانی بەرگری لە بەرزترین ئاستەکانی خۆی بکات لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا.
پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکانی پەیوەست بە شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هێرشی نوێی حوسییەکان بۆ سەر دوو کەشتیی بازرگانیی ئەمریکا بوونە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ (سێشەممە، 20-2-2024) 25 سەنت بەرزبووەوە و بە 83 دۆلار و 45 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 40 سەنت بەرزبووەوە و بە 78 دۆلار و 36 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
ئێوارەی دوێنێ، حووسییەکانی یەمەن رایانگەیاند هێرشیان کردووەتە سەر دوو کەشتیی ئەمریکی، بەو پێیەش لە رۆژی هەیینیەوە تاوەکو ئێستا، ژمارەی ئەو کەشتییە بازرگانییانەی لەلایەن حووسییەکانەوە بە درۆن کراونەتە ئامانج، بەرزبووەتەوە بۆ چوار کەشتی.
شرۆڤەکارانی سەر بە بانکی نیوزلاندی ئۆسترالی جگە لە ئاماژەدان بە مەترسییە جیۆسیاسییەکان کە نرخی نەوتی بەرزکردووەتەوە، باس لە زیادبوونی خواست لەسەر نەوت لەلایەن چینەوە دەکەن.
بەپێی ئامارەکانی چین، داهاتی کەرتی گەشتیاریی چین لە ماوەی پشووەکانی سەری ساڵی ئەو وڵاتە بەرێژەی 47.3٪ بەرزبووەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆکار کە بازرگانانی نەوت پێشبینی بکەن؛ خواستی ئەو وڵاتە بۆ بەکارهێنانی نەوت بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە.