نرخی بیتکۆین 50 هەزار دۆلاری تێپەڕاند
2024-02-22
نرخی بیتکۆین ئاستێکی پێوانەیی نوێی شکاند و گەیشتە بەرزترین ئاستی زیاتر لە دوو ساڵ، هەر بیتکۆینێک گەیشتە زیاتر لە 50 هەزار دۆلار.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی هەر بیتکۆینێک زیاتر لە هەزار و 700 دۆلار بەرزبووەوە و هەر بیتکۆینێك گەیشتە 50 هەزار و 215 دۆلار.
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی بیتکۆینە لە دوای 21ـی کانوونی یەکەمی 2021ـەوە.
هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆین هاتنی زیاتر و بەردەوامی دراوە دیجیتاڵییەکەیە بۆ نێو مامەڵەکانی سندووقی کۆمپانیاکانی ئەو بوارە لە بۆرسەی ئەمریکا و ئاماژەکانی بەدامەزراوەییکردنی دراوەکە.
بەپێی دامەزراوەی "کۆین شێرس" کە تایبەتە بە دراوە دیجیتاڵییەکان، لە هەفتەی رابردوودا بەهۆی دروستکردنی پێنوێنی نرخی بیتکۆین لە بۆرسەی ئەمریکا، زیاتر لە ملیارێک و 100 ملیۆن دۆلار هاتوونەتە نێو کەرتەکە.
لە لایەکی دیکەوە، شارەزایانی بوارەکە هۆشداری لە دابەزینی نرخی بیتکۆین دەدەن لە مانگەکانی داهاتوودا، ئەوەش بەهۆی ئەگەری مایەپووچبوونی دامەزراوەی GBTC تایبەت بە دراوە دیجیتاڵییەکان و چوونە دەرەوەی ملیارێک و 600 ملیۆن دۆلاری وەبەرهێنەرانی کۆمپانیاکە لە سێکتەری دراوە دیجیتاڵییەکان.