کۆمپانیای جێبەجێکاری رێگەی کەلار - سلێمانی ڕێگاکە تەواو دەکات
2024-03-29
خاوەنی کۆمپانیای جێبەجێکاری رێگەی کەلار - سلێمانی دەڵێت، ئەگەر نزیکەی 30 بۆ 35 ملیار دیناریان بۆ خەرجبکرێت، دەتوانن ئەم ساڵ رێگەی کەلار - سلێمانی تەواو بکەن.
کۆمپانیای بێشکان لە 19-12-2017 دەستی بە کارکردن لە رێگەی کەلار - سلێمانی کرد. پڕۆژەکە 70٪ی تەواو بووە. لەکاتێکدا ماوەی تەواوبوونی 540 رۆژ بوو، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو رێگەیە تەواو نەکراوە.
عوسمان حەمەسەعید، خاوەنی کۆمپانیای بێشکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کارکردن لە پڕۆژەکە زۆر باش چووەتە پێشەوە و زیاتر لە 70٪ـی تەواوبووە، هەرچەندە نزیکەی 11 ملیار دیناریشم لای حکومەتە و پارەیان نییە بۆم خەرجبکەن، بەڵام کارکردن بەردەوامە."
عوسمان حەمەسەعید گوتیشی "رێگەکە 40 کیلۆمەترە، بەڵام 20 کیلۆمەتری دوو سایدە و 10 کیلۆمەتری جادەی نوێم بۆ کردووە واتا تەنیا 10 کیلۆمەتری بە رێگە کۆنەکەدا دەڕوات."
بە گوتەی خاوەنی کۆمپانیای جێبەجێکار، ئەگەر 47 ملیار دیناریان بۆ خەرجبکرێت دەتوانن ئەم ساڵ سەرجەم کارەکانی رێگەی کەلار سلێمانی تەواوبکەن، دەشڵێت، "تەنانەت ئەگەر نزیکەی 30 بۆ 35 ملیار دیناریشم بۆ خەرج بکەن دەتوانین لە 2024 پڕۆژەکە تەواو بکەین و 100٪ رادەستی بکەین."
ساڵی رابردوو بڕیار درا، هەفتانە بانکی ناوەندی هەرێم لقی سلێمانی 250 ملیار دینار بۆ کۆمپانیاکە خەرجبکەن. عوسمان حەمەسەعید دەڵێت: "زیاتر لە مانگێکە ئەو پارەشمان بۆ خەرجنەکراوە، بەڵام لە کارکردن بەردەوامین و کاری باشیشمان کردووە."
بە گشتی بودجەی پڕۆژەکە 137 ملیار دینارە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و خەرجنەکردنی پارە بۆ کۆمپانیاکە چەندینجار کارکردن تێیدا راگیراوە.
رێگەی کەلار - دەربەندیخان کە هاوکات رێگەی کەلار - سلێمانییە؛ رۆژانە هەزاران کەس لە دەڤەری گەرمیان و پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە رێگەکە بەکاردەهێنن و بەهۆی زۆریی رووداوەکانی هاتووچۆوە، بە رێگەی مەرگ ناونراوە.
هەر دوێنێ چوارشەممە، لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەنێوان قەزاکانی کەلار و دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی، چوار کەس گیانیان لەدەستدا کە دوو هاوژین، کوڕ و بوکێکیان بوون و دانیشتووی دەربەندیخان بوون.