هەڵاوسان لە ئەمریکا نرخی زێڕ بەڕێژەیەکی بەرچاو دادەبەزێنێت

هەڵاوسان لە ئەمریکا نرخی زێڕ بەڕێژەیەکی بەرچاو دادەبەزێنێت

2024-02-22

مانگی رابردوو هەڵاوسان لە ئەمریکا بە ئاستێکی کەمتر لە پێشبینییەکان دابەزی، بەوەش گوشارەکانی سەر بانکی ناوەندیی وڵاتەکە بەردەوام دەبن. بەهۆی ئامارەکەشەوە، نرخی زێڕ راستەوخۆ زیاتر لە 25 دۆلار دابەزی.

 

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی کانوونی دووەمی 2024ـدا، هەڵاوسان لە ئەمریکا لەسەر ئاستی ساڵانە بۆ 3.1٪ دابەزیوە.

 

لە مانگی کانوونی یەکەمی 2023ـدا هەڵاوسان لە ئەمریکا لە 3.1٪ـەوە گەیشتبووە 3.4٪.

 

پێش بڵاوکردنەوەی ئامارەکە، پێشبینی دەکرا هەڵاوسان لە ئەمریکا بۆ 2.9٪ دابەزێت، ئەوەش دەبووە نزمترین ئاست لەدوای ئاداری 2021ـەوە.

 

لەدوای بڵاوکردنەوەی ئامارەکە، راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر نرخی زێڕ دانا و ئۆنسەیەک زێڕ لە 2028 دۆلارەوە بۆ 2003 دۆلار دابەزی.

 

لەدوای مانگی ئاداری ساڵی رابردووەوە و بەهۆی کاریگەریی شەڕی ئۆکراینا و هەڵاوسانەوە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا 11 جار سوودی بانکیی بەرزکردووەتەوە و ئێستا رێژەکە 5.50٪یە، ئەوەش بەرزترین ئاستە لە 20 ساڵی رابردوودا، بەتایبەتیش کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2022دا هەڵاوسان لەو وڵاتە گەیشتە 9.1٪، کە بەرزترین ئاست بوو لە زیاتر لە 40 ساڵی رابردوودا.

 

رۆژی 13.12.2023، دوای راگەیاندنی دەستکارینەکردنی سوودی بانکی، بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بڕیارەکە بوار بە سیاسەتداڕێژەران دەدات ئەو مەودایە دیاری بکەن کە پێیان گونجاوە بۆ "هەر" تووندکردنەوەیەکی سیاسەتی نەختینەیی.

 

جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دوای بڕیارەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت، زیادکردنی وشەی "هەر" کە لە بڕیارەکانی پێشووی بانکەکەدا نەبووە، وەک "دانپێدانانێک دانراوە کە پێمانوایە رەنگە گەیشتبینە لوتکەی زیادکردنی سوودی بانکی، یاخود لێی نزیکبووینەتەوە".

 

پاوڵ نەیشاردەوە کە سیاسەتداڕێژەران باسوخواسی "کاتی گونجاو"یشیان کردووە بۆ ئەوەی بانکەکە دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بکات.

 

پێش بڵاوبوونەوەی ئاماری هەڵاوسانی دوو مانگی رابردوو لە ئەمریکا، پێشبینی دەکرا بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە مانگی ئاداری ئەم ساڵدا دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بکات.

 

بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، یاخود دانەبەزین و دوورکەوتنەوەی لە 2٪ـی ئامانجی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، مەترسیی دواخستنی کەمکردنەوەی سوودی بانکی زیاد دەکات.