گەرمیان نزیکەی دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار زیانی لێکەوتووەتەوە

لافاو

2024-03-29

بەڕێوەبەری ناوەندی وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە ئیدارەی گەرمیان رایدەگەینێت، بەهۆی لافاوی چەند رۆژی رابردوو لە سنووری ئیدارەی گەرمیان نزیکەی دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار زیانی لێکەوتووەتەوە. دەشڵیت، زیاتر لە 200 خێزان زیانیان پێگەیشتووە.
 
بێستوون ژاڵەیی، بەڕێوەبەری ناوەندی وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند، بەگوێرەی رووپێوییەکی ورد و مەیدانی لەلایەن یەکە ئیدارییەکانی گەرمیانەوە تۆمار کراوە زیانێکی زۆر بەر هاونیشتمانیان و کەرتە جیاوازەکانی رێگەوبان و کشتوکاڵ و ئاودێری کەوتوون.
 
بێستوون ژاڵەیی گوتیشی، بەهۆی لافاوەکەوە زیاتر لە 200 خێزان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان لافاو زیانی پێگەیاندوون و پرۆژەکانی ئاودێری و کشتوکاڵ زیانیان پێگەیشتووە و هەروەها زیان بە کەرتی رێگەوبان و شەقامەکانیش گەیشتوون.
 
لەبارەی جۆری زیانەکان و قەبارەی زیانەکان، ئەو بەرپرسەی ئیدارەی گەرمیان دەڵێت، بەگوێرەی ئەو رووپێوییەی ئەنجامدراوە 125 ماڵ لە گەڕەکی کەلاری نوێ ئاوی تێچووە و نزیکەی 100 سەر ئاژەڵی چەند هاونیشتمانییەک، لافاوبردوونی و مرداربوونەتەوە، هەروەها 120 سندووقی هەنگیش لەناوچوون.
 
بێستوون ژاڵەیی ئاماژەی بەوەکرد، زیانێکی زۆریش بەر کەرتی رێگەوبان و شەقامەکانی سنوورەکە کەوتوون بەهۆی لافاو، شەش پردی بچووک بەتەواوی خراپبوون و ئاوبردوونی، هەروەها شەش پردی دیکەش زیانیان پێگەیشتووە، ئەوە بێجگە لەوەی کە رێگەی کەلار- کفری و کەلار-دەربەندیخان زیانی پێگەیشتووە.
 
لەبارەی خەمڵاندنەکان بۆ بڕی ئەو زیانانەی بەهۆی لافاو بەر هاونیشتمانیان و سێکتەرە جیاوازەکان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان کەوتوون، بەڕێوەبەری ناوەندی وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە ئیدارەی گەرمیان گوتی،" قەبارەی زیانەکان نزیکەی دوو ملیار و 500 ملیۆن دینارن."