قەبارەی هەناردەی ئێران لە دەروازەی پەروێزخانەوە لە 11 مانگی زیادیکردووە
2024-03-29
عەبدولواحید محەممەدی، جێگری رێکخەری کاروباری ئابووریی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی شەممە، رایگەیاند، قەبارەی هەناردەیان لە دەروازەی پەروێزخانەوە لە 11 مانگی رابردوودا 262٪ زیادیکردووە.
دەروازەی پەروێزخان کرماشان و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانی پارێزگای سلێمانی پێکەوە دەبەستێتەوە.
بە گوێرەی میدیای ئێرانی، ئەو کاڵایانەی لە یازدە مانگی رابردوودا لە کرماشانەوە هەناردەی هەرێمی کوردستان و عێراق کراون، لە رووی بەهاوە، 19٪ زیادیانکردووە.
محەممەدی رایگەیاند: "دەروازەی سنووریی پەروێزخان وەک نێوەندێکی گواستنەوەی ئێران، لە گەشەدایە، بە جۆرێک کە هەناردەی دەرەوە لەو دەروازەیەوە 262٪ زیادیکردوو و گەیشتە 3 ملیۆن و 492 هەزار تۆن لە ساڵی ئێستای ئێرانیدا (ساڵی هەتاوی)، بەوەش بووە دووەم گرنگترین دەروازەی ئێران."