لە نزیک ناحیەی رزگاری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، لە رووداوێکی هاتووچۆدا دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و سێی دیکەش بریندار بوون.
2024-03-29
لە نزیک ناحیەی رزگاری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، لە رووداوێکی هاتووچۆدا دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و سێی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە کاژێر 01:30ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی لە نزیک گوندی کارێزە لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی تایبەت و پیکابێکدا روویداوە.
موقەدەم سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان بە گەرمیان ناوی ڕاگەیاند، شۆفێری ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە و سەرنشینێکی پیکابەکە گیانیان لەدەستداوە.
ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە یەکێکیان لەدایکبووی 1972ـە و ئەوی دیکەش 1960 و هەردووکیان خەڵکی سنوورەکەن.
هەر سێ بریندارەکە رەوانەی نەخۆشخانە کراون. سامان عەلی گوتی، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.
بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی گەرمیان بۆ رووداو، ساڵی رابردوو لە سنوورەکە 468 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە، بەهۆیانەوە 34 کەس گیانیان لەدەستداوە و 631 کەسیش بریندار بوون.