پرۆژەی خزمەتگوزاری لە گەرمیان ڕاگیراوە

کەلار

2024-03-18

بەرزان کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو باسی لەو پرۆژانە کرد کە ساڵی رابردوو لە سنوورەکە جێبەجێ کراون و ئەوانەشی کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارەکانیان راگیراوە. 
 
بەڕێوەبەرە گشتییەکە باس لەوە دەکات، لە ساڵی رابردوو بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار و 194 ملیۆن دینار پرۆژەی خزمەتگوزاری لە کەرتە جیاوازەکانی دروستکردنی تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ، شەقام و شۆستە جێبەجێکراون.
 
ئەو پرۆژانەی جێبەجێکراون لە قەزا و ناحییەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان بوون (بێجگە لە کەلار)، لەوانە؛ پرۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆی بەشێک لە گەڕەکەکانی شاکەل و گەڕەکی گەرمیان لە ناحیەی رزگاری بە گوژمەی 740 ملیۆن دینار، دروستکردنی ئاوەڕۆی بەشێک لە گەڕەکی راپەڕین لە ناحیەی رزگاری بە گوژمەی 378 ملیۆن دینار.
 
هەروەها پرۆژەی ئاوەڕۆ و رێگەسازی، گەڕەکی خەبات و نەورۆز لە شارەدێی گردەگۆزینە بە گوژمەی 301 ملیۆن دینار.
 
گوتیشی، پرۆژەی قیرتاوکردنی دوو شەقام لە ناحیەی مەیدان بەشێوەی راستەوخۆ بە گوژمەی 73 ملیۆن دینار، هەروەها پرۆژەی رێگەسازی چوار رێیانی ساڵح ئاغا، بە گوژمەی 700 ملیۆن دینار کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی رێگەوبانی گەرمیان جێبەجێکراون.
 
لەبارەی بودجەی ئەو پرۆژانە، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان گوتی، لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بووە و رێگەی ئیدارەی گەرمیانەوە سەرپەرشتی کراوە.
 
بەرزان کەریم دەڵێت، نەبوونی نەختینە "گرفتی گەورەی بۆ دروستکردووین، بەشێوەیەک پرۆژە هەیە کۆمپانیاکە ئامادە نییە وەریبگرێت، ئەگەر گەرەنتی پارەکەی نەکرێت. لەوانە، پرۆژەی دروستکردنی شەقام و ئاوەڕۆی دوو گەڕەکی کفری کە زیاتر دوو ملیار دیناری تێدەچێت."