لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 2 ملیۆن و 350 هەزار کەس کارتی بایۆمەتریان کردووە
12
2024-02-27
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ملیۆن و 350 هەزار کەس کارتی بایۆمەتریان کردووە. لە 15 رۆژی ئەم مانگەشدا زیاتر لە 31 هەزار کەس خۆیان بۆ کارتی بایۆمەتری تۆمارکردووە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە رووداوی راگەیاند، "لە هەرێمی کوردستان، سێ ملیۆن و 789 هەزار و 405 کەس لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا مافی دەنگدانیان هەیە، کە نزیکەی 150 هەزاریان لە دایکبووانی ساڵی 2006ن".
نوێکردنەوە و تۆمارکردنی بایۆمەتری لە 1ی شوباتەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، تا کۆتایی ئەم مانگە پرۆسەکە بەردەوام دەبێت.
جومانە غەلای دەڵێت، "تاوەکو 15ی مانگ لە هەرێمی کوردستاندا 31 هەزار و 889 کەس بۆ خۆتۆمارکردن سەردانی ناوەندەکانی نوێکردنەوە و تۆماری بایۆمەتریان کردووە کە زیاتر لە 18 هەزاریان لە دایکبووانی 2006 بوون".
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق راشیگەیاند، "زیاتر لە دوو ملیۆن و 350 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان کارتی بایۆمەتریان هەیە".
دوێنێ سێشەممە، لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بە بەشداریی یۆنامی لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا وردەکارییەکانی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تاوتوێکرا و کۆمیسیۆن خشتەیەکی خستەڕوو کە تێیدا روونکراوەتەوە بە چ شێوەیەک دەتوانن ئەم هەڵبژاردنە بەڕێوەببەن.
لە رابردوودا دوو جار وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵا لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان کرا، هەڵبژاردن نەکرا، هەرچەند تاوەکو ئێستا دادگای فیدراڵی 11 دانیشتنی لەسەر ئەو سکاڵایە دواخستووە، بەڵام بڕیاری نەداوە.
رۆژی 20ی شوباتی 2024، سەرچاوەیەک لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر لە ئەمڕۆوە (20ـی شوبات) دەست بە ئامادەکاری بکەن، لانیکەم چوار مانگیان پێویستە، بۆیە ئەگەر ئەمڕۆ کاتی هەڵبژاردن دیاریبکرێت، ئەوا هەڵبژاردن دەکەوێتە 20ـی حوزەیران.
هاوکات، جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەنجوومەنى کۆمیسیاران لەو وادەیەى خستوویەتیەڕوو بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ئەوەى لەبەرچاو گرتووە، کە دەتوانێت لە ماوەى یاسایی کارکردنیدا رێکارەکانى هەڵبژاردن و رێوشوێنەکانى دواى دەنگدان بە گوێرەى پێوەرە نێودەوڵەتییەکان تەواو بکات".
بەگوێرەى هەمواری یاسای کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، تەمەنى کارکردنى ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران بۆ ماوەى شەش مانگ درێژکرایەوە کە 7ى کانوونی دووەم کۆتایی دەهات، بەوپێیە 7ى تەمووز تەمەنیان کۆتایی دێت.
بەگوێرەى ئەو زانیاریانەى دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتوون بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کودستان، کۆمیسیۆن پێویستى بەهەمان کات نییە، کە هەڵبژاردنەکانى دیکەى عێراق پێویستیێتى کە 15 پارێزگا دەگرێتەوە.
کۆمیسیۆن دەتوانێت لە ماوەی چوار مانگدا سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکە بکات و هەر لەو ماوەیەدا وردبینى و تانەی ئەنجامى هەڵبژاردنەکان و پەسندکردنى ئەنجامەکانى یەکلایی بکاتەوە.
لە کۆبوونەوەی دوێنێ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، شاندی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاندووە، ئەگەر دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتایی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بدات، دەتوانن لە مانگی حوزەیرانی 2024 هەڵبژاردنەکە بەڕێوەببەن.