ئەو زیندانییەی لە کەلار هەڵات خۆی رادەستی ئاسایش کردەوە
5
2024-02-22
رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو زیندانییەکی گرتن و گواستنەوەی گەرمیان لەکاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە لە کەلار، لەدەست مەفرەزەکانی پۆلیس هەڵات. گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، زیندانییەکە خۆی رادەستکردووەتەوە.
رووداوەکە نزیک کاژێر 9:30 خولەکی شەوی 20ی شوبات روویدا، ئەویش لەکاتێکدا زیندانییەکە گوتوویەتی نەخۆشە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار و پێش ئەوەی بچنە ژوورەوە لەدەست پۆلیسەکان هەڵاتبوو.
عەلی جەمال قدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، درەنگی شەوی رابردوو تۆمەتبارەکە خۆی رادەستی هێزەکانی ئاسایش کردووەتەوە.
ئەو کەسە بە تۆمەتی دزیکردن و بەگوێرەی مادەی 443ـی یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە.