بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوود رادەگەیێنێت
3
2024-02-22
رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی تورکیا ئەمڕۆ سوودی بانکی ساڵ رادەگەیێنێت؛ پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن کە رێژەی سوودی بانکی بەرز نەکرێتەوە و رێژەکەی لە 45%، بە جێگیری بمێنێتەوە.
ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەیی دراوی بانکی ناوەندیی تورکیا، دوای نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە، 22ـی شوباتی 2024 بە سەرۆکایەتیی فاتیح کاراهان، سەرۆکی نوێی بانکی ناوەندی کۆدەبێتەوە و لە کاژێر 14:00ـدا بڕیاری خۆی لەبارەی سوودی بانکی رادەگەیێنێت.
بانکی ناوەندیی تورکیا لە دوایین کۆبوونەوەیەدا، کە لە 25ـی کانوونی دووەمی 2024 کرا، سوودی بانکی 250 خاڵ زیاد کرد و رێژەکەی لە 42.5% بۆ 45% بەرزکردەوە.
بازاڕەکانی ناوخۆ سەرنجیان لەسەر بڕیاری رێژەی سوودی بانکی ناوەندی مانگی شوباتە کە ئەمڕۆ رادەگەیێندرێت.
بە گوێرەی راپرسییەکی ئەنادۆڵ کە بە بەشداریی 14 شارەزای ئابووری ئامادەکراوە، پێشبینی دەکرێت بانکی ناوەندیی تورکیا سوودی بانکی دەستکاری نەکات و لە 45% بەجێگیری بیهێڵیتەوە.
لە راپرسییەکەدا پێشبینی ئابووریناسان بۆ رێژەی سوودی بانکی لە تورکیا تاوەکو کۆتایی ساڵ 36.25% بووە.
بەر لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا لە 14ـی ئایاردا یەک دۆلار بە 19 لیرە و 60 قرووش مامەڵەی پێوە دەکرا؛ لە دووەم گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا کە لە 28ـی ئایار کرا، بۆ یەکەمینجار بەهای یەک دۆلار 20 لیرەی تێپەڕاند و دوای هەڵبژاردنەکان بۆ یەکەمجار لە 26ـی حوزەیراندا، بەهای یەک دۆلار گەیشتە 26 لیرە. ئێستا یەک دۆلار بە زیاتر لە 30 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرێت.
رۆژی 22ی حوزەیرانی 2023، بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوودی بانکی بە 650 خاڵی بنەڕەتی یان بە رێژەی 6.50% زیادکرد و رێژەکەی گەیاندە 15%، ئەوەش کەمتر بوو لە ئاستی پێشبینییەکان.
بانکی ناوەندیی تورکیا رۆژی پێنجشەممە، 20ـی تەمموزی 2023، رێژەی سوودی بانکی بە زیادکردنی 250 خاڵی بنەڕەتی، رێژەی سوودی بانکی لە 15% بۆ 17.5% بەرزکردەوە. لە کۆبوونەوەی مانگی ئابدا بە زیادکردنی 750 خاڵی بنەڕەتی رێژەی سوودی گەیاندە 25% و لە کۆبوونەوەی مانگی ئەیلوولدا رێژەکەی بۆ 30%، لە تشرینی یەکەمدا بۆ 35% و لە تشرینی دووەمدا رێژەکەی گەیاندە 40% .
بانکی ناوەندیی تورکیا لە دوایین کۆبونەوەی ساڵی 2023ـدا کە لە 21ـی کانوونی یەکەم کرا، رێژەی سوودی بانکی لە 40% بۆ 42.5% بەرزکردبووەوە و مانگی رابردووش بە زیادکردنی 250 خاڵ رێژەکەی بۆ 45% بەرزکردەوە.