پزیشکانی پلەبڵند لە فریاکەوتنی کەلار بەردەوامن لە مانگرتن
2024-03-31
بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەی مانگی شوبات، لە 26ـی ئادارەوە پزیشکانی پلەبڵند لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار بایکۆتی دەوامیان کردووە. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دەڵێت، تەنیا رووداوە گەرمەکان دەبینن.
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (شەممە) دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات دەستیپێکرد و لەنێویاندا فەرمانبەرانی وەزارەتی تەندروستیی مووچە وەردەگرن
رزگار لەتیف، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە کەلار، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا (کاژێر 01:00ـی نیوەڕۆ) پزیشکانی پلە بڵند نەگەڕاونەتەوە بۆ دەوام".
بەڕێوەبەری فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شەهید هەژار ئاماژەی بەوەش کرد، چەند رۆژێکە وێڕای بایکۆت، بەشێکی پزیشکان و کارمەندانیان دەوامیان کردووە، بەڵام تەنیا رووداوە "گەرمەکان"ـیان بینیوە. وەکو رووداوێک بۆ نموونە بەهۆی گولـلەوە روویدابێت.
نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار، گەورەترین نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئیدارەی گەرمیانە. جگە لە هاونیشتمانیانی سنوورەکە، نەخۆشی قەزا و ناحیەکانی سنووری پارێزگای دیالەش سەردانی دەکەن