پاش لافاوەکە؛ ئێسکێکى گەورە لە گەرمیان دۆزرایەوە

شوێنەوار

2024-03-31

ئێسکێکى گەورە لە گەرمیان دەدۆزرێتەوە کە گومان دەکرێت ئێسکى ئاژەڵێکى گەورە بێت و تیمێکى زانکۆى سلێمانى لێکۆڵینەوەى لێ دەکەن.
 
وێنەى ئەو ئێسکە لەلایەن گرووپێکەوە بڵاوکراوەتەوە کە بە "کێودۆستان" ناسراوە.
 
نیمعەت مەلۆ، سەرپەرشتیارى گرووپەکە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "لەلایەن هاووڵاتییانى ئەو ناوچەیەوە ئاگادارکراینەوە لە دەرکەوتنى ئەو ئێسکە کە لە ئێسکى پەلی دواوە (ران) دەچێت و دێژییەکەى 80 سانتیمەتر و پانییەکەى 25 سانتیمەتر دەبێت و پێدەچێت ئێسکى ئاژەڵێک بێت کە توخمی نەمابێت و ئەو شوێنەى لێى دۆزراوەتەوە گوندێکى نزیک ناحیەى سموودە".
 
 نیمعەت مەلۆ گوتیشى، "تیمێکى پسپۆرى زانکۆى سلێمانىمان لەو ئێسکە ئاگادار کردەوە و ئەوانیش ئێسکەکەیان برد بۆ لێکۆڵینەوە".
دەرکەوتنى ئەو ئێسکە لەدواى ئەو شەپۆلە بارانبارینە بوو کە هەفتەى رابردوو ناوچەکەى گرتەوە و لە هەندێک شوێن بووە هۆى دروستبوونى لافاو. 
 
 ساڵح  محەممەد سەمین، بەڕێوەبەرى شوێنەوار و کەلەپوورى گەرمیان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لێکۆڵینەوە لە دەرکەوتنى ئەو ئێسکە دەکەن و بەدواداچوونى بۆ دەکەن".
 
 ساڵح محەممەد سەمین ئاماژەى بەوەدا، ئەو ئێسکە ئەگەر پاشماوەى ئاژەڵ بێت یان بەبەردبوو بێت لە پسپۆڕى و تایبەتمەندى بەڕێوەبەرایەتییەکەیانە.