ژنێک لە کەلار پێش وەرگرتنی مووچەکەی لەبەردەم بانکێک گیانی لەدەستدا

مردن

2024-03-31

ئاریا ئەنوەر، بەڕێوەبەری بانکی گەرمیان ئەمڕۆ یەکشەممە بە گەرمیان ناوی ڕاگەیاند، "پێش دەستپێکردنی دەوام و کاژێر 07:40ی ئەم بەیانییە، ژنەکە تەندروستیی تێکچووە و پێش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە."
 
بە گوتەی ئاریا ئەنوەر، ژنەکە لە دەرەوەی بانکەکە و پێش دەستپێکردنی دەوام گیانی لەدەستداوە. گوتیشی، "بانک هێندە قەرەباڵخ نییە کە شتێكی لەو شێوەیە روویدابێت و بووبێتە هۆی گیانلەدەستدانی."

 

بەڕێوەبەری بانکی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد، پۆلیسەکانی بانکەکە گوتوویانە، کە زانیویانە دۆخی ژنەکە باش نییە، پەیوەندییان بە کەسوکاریەوە کردووە و دواتر تەکسییان گرتووە بیگەیێننە نەخۆشخانە، بەڵام پێش گەیشتنی بە فریاکەوتن، گیانی لەدەستداوە.
 
ژنەکە بڕیار بووە ئەمڕۆ مووچەی خانەنشینییەکەی لە بانکی گەرمیان وەربگرێت. هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوە کرد، ناوی ئامینە حوسێنە و تەمەنی 70 ساڵە، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدانی بەردەوامە.