کچێک لە ناحییەی ڕزگاری کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت
2024-03-18
پۆلیسی گەرمیان بڵاویکردەوە، رووداوەکە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 03ـی ئادار) لە ناحیەی رزگاری لە ئیدارەی گەرمیان روویداوە؛ کچەکە پێش ئەوەی بگەیێندرێتە نەخۆشخانە لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە.
لە راگەیێندراوەکەدا پۆلیس دەڵێت، "کچەکە قوتابی بووە و لەگەڵ دایکی لە ماڵەوە بووە... بەدەمانچەکەی باوکی کە خانەنشینی پێشمەرگەیە، گوللەی بە خۆیەوە ناوە و گیانی لەدەستداوە."
عەقیدی مافپەروەر عەلی جەمال قدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی ئەوەی خۆکوژییە، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لەسەر رووداوەکە دەستگیرنەکراوە".
پۆلیسی گەرمیان چووەتە شوێنی رووداوەکە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ زانینی هۆکار و چۆنیێتی رووداوەکە کردووەتەوە. پۆلیس دەڵێت، دەستگیراوە بەسەر دەمانچەکە و مۆبایل و ئایپادی کچەکەدا.