هۆنیا شازاد: ناکرێت رادیکاڵانە بیر لە هونەر و هونەرمەندان بکەینەوە
31
2024-02-22
هۆنیا شازاد: لە کۆی تەمەنی پێنج ساڵ ئەزموونی هونەریم، بەشداریم لەزیاتر پانزە پێشانگای ناو شاری کەرکوک و سلێمانی و هەولێرم کردووە، وە چەند کارێکم کردووە کە تایبەتە بە خزمەتکردنی شارەکەم. وێنەکێشان لای من وەکو وەسیلەیەکە بۆ دەربرینی هەستەکانم و جوان کردنی ژیان و راو بۆچوونی من بۆ ژیان لە رێگای وێنەکێشانەوە. بە هۆکاری ئەوەی من فێرخوازم و تابلۆکانم هەموو جۆرە کارێک لە خۆی دەگرێت، من ئێستا لە ئەزموونی ئەکادیمی دام.
كوردستان24: باسی ئەو کەرەستانە بکە کە بۆ تابلۆکانت بەکاری دەهێنیت؟
هۆنیا شازاد: لە بواری وێنەکێشان خۆم تەنیا بە یەک شت نەبەستۆتەوە چ لە بابەت یان ماددە و کەرەستەکان و ستایل و قوتابخانە بەردەوام لە تاقی کردنەوەی تەکنیک و شێوازی نوێدام، بەردەوام ھەوڵی باشتربوون دەدەم لە ھێلکاری بە قەڵەمی گرافیت و خەلوز و جاف و قەلەمی رەنگ و پاستیل ئیشم کردووە و زیاتر حەز بە وێنەکێشانی ڕاستەوخۆ دەکەم و حەزم لە داھێنانە تا بکرێت وێنە بە ڕاستەوخۆ دەکێشم و لەسەر فۆتۆ و وێنە، وێنە ناکێشمەوە، چونکە بڕوام وایە کە ھیچ کامێرایەک وەک کامێرەی چاوی مرۆڤ شتەکان نابینێت و زۆر شت ھەیە چاوی مرۆڤ دەیبینێت، بەڵام چاوی کامێرا نایبینێت. وە لە ڕەنگ بە ئەکریلیک و رەنگی ئاوی ئەکوارێل و ھەروەھا بە بۆیەی زەیتیش ئیش دەکەم، حەزم زۆر بە ھێلکاری و وێنەی سروشت ھەیە و بەردەوام ئیشی تێدا دەکەم، وە زۆر ئیشی سێلف پۆرترەیت واتا وێنەی خۆم لەبەردەم ئاوێنە دەکێشمەوە بە ماددەی و کەرەستەی جۆراوجۆر.
كوردستان24: هونەری هاوچەرخ چۆن دەبینی؟
هۆنیا شازاد: کارم کردووە لە دەربڕینخوازی و ھونەری ھاوچەرخ و بەبڕوای من ئەم ھونەرە لەبەر ناخۆشبوونی ژیان و گۆرانکاری لە سەردەماکان و بەبەراورد بە سەردەمەکانی پێشتر کە مرۆڤ پەلەی نەبوو لە شتەکان، بەڵام ئێستا مرۆڤ حەزی بە خێرایە و لەبەر ئەو باردۆخەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە دەرونییەکان بەھۆی تۆرە کۆمەڵایەتیەکان و زوو گەیشتن بە ھەستی خۆشی، بۆ نموونە مرۆڤ ئێستایش ڤیدیۆیەکی چەند کاتژمێری لە یوتوب سەیر ناکات بەبەراورد بەو کاتە زۆرەی لە ڤیدیۆی ریل و تیک تۆک کە ھەمووی یەک خولەک کەمتر یان زیاتر تێپەرناکات سەیر دەکات. دەبێ پێشتر لە خودی هونەری هاوچەرخ وورد ببینەوە، چۆن پێناسەی دەکەین و بۆ درووست بوو؟ لە دوای جەنگی جیهانی دووەم و کاتێک گۆڕانکاری گەورە لە ژیان و چەمگە جیاوازەکانی ڕوویدا، هونەر کایەیەکی گرنگی گۆڕانکارییەکان بوو، هونەرمەندان پەنایان برد بۆ بیرۆکە و میدیای نوێ و شتی تر، هونەر پانتاییەکی گەورەتری گرتەوە و پەلی هاویشتە ناو زۆر لایەنی ژیانی مرۆڤایەتی، رووبەرەکەی فراوانتر و فراوانتر بوو، ئەو سنوورەکانی جوانی و دڵڕفێنی تێپەڕاند و کاری خستنەڕوو و ورووژاندنی پرسی ئێستایی گرتە ئەستۆ بۆ ئەوەی هونەر ئەرکی سەرشانی خۆی ببینێت، دەبوو هونەر زادەی سەردەمی خۆی بێت، بەڵام دواجار هونەر پانتاییەکی فراوانە و هونەرمەند ئازادە لە کوێی هونەر کار دەکات و ناکرێت رادیکاڵانە بیر لە هونەر بکەینەوە یان بڕیارێکی ببڕ بسەپێنین بەسەر هیچ هونەرمەندێک یان هەر کارێکی هونەری.
كوردستان24: چەند پێشانگای تایبەت و هاوبەشت کردووەتەوە؟
هۆنیا شازاد: تا ئێستا نەمویستووە پێشانگای تایبەتی بکەمەوە، بەڵام زیاتر لە ١٥ پێشانگای هاوبەش بەشداریم کردووە لە ناو شاری خۆم و لە شارەکانی تری کوردستانیش. تایبەت یەک دانە نییە تا بڵێم ئەو تابلۆیەم تایبەتە بۆ من، چونکە هەرکاتێک وێنە دەکێشم هەست دەکەم ئەزموونی کێشانی ئەم تابلۆیەم لە جاری پێشووترم باشتر وجوانترە.
كوردستان24: ئافرەت چ رۆڵێکی هەیە لەناو تابلۆکانی تۆدا؟
هۆنیا شازاد: چەند تابلۆیەکی تایبەتم دروست کردووە سەبارەت بە بە هێزی ئافرەت بۆ کۆمەڵگا و توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، لای من ئەو تابلۆیە جوانترین پەیام دەگەیەنێت. پەیامی من لە ھونەری وێنەکێشان و تابلۆکانم جیاوازن، بەڵام بە ھەموو ھەست و سۆز و رۆمانسی و خۆشەویستی کار دەکەم و کاتێک کەسێک سەیری تابلۆکانم دەکات ھەست بەوە دەکات کە چەند بە خۆشەویستی و رۆمانسی و ئیحساس کارم کردووە. کاری من خوڵقاندنی بەرهەمی ھونەرییە، بە بۆچوونی من کام لەم کارە ھونەریانەم لە لای دڵی زۆرترین جەماوەر یان بینەر کاریگەری بەجێ بھێڵێت ئەوە ھەڵگری جوانترین پەیامە، ئەوەش مەسەلەیەکی ڕێژەییە، جاری وا ھەیە کۆمەڵگا کولتوورەکەیان لەگەڵ کاری هونەری ھونەرمەندەکەدا ناگونجێت بۆ ئەوەی لە رادەی گرنگی پەیامەکەی تێبگەن.
كوردستان24: فەلسەفەی هونەری تۆ چییە؟
هۆنیا شازاد: جوانیناسی و تێگەیشتن لە هونەر لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر گۆڕانی بەسەردا دێت، خۆی فەلسەی هونەر جیا دەکرێتەوە لە رەخنەی هونەری، ئەویش پەیوەندی بە شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی بەرهەمە هونەرییە تایبەتەکانەوە هەیە، بەڵام لە رووی فەلسەفیەوە چۆن دەزاندرێت، کە ئایا ئەو کارە هونەرییە یان نا، ئەرکی فەیلەسوفی هونەر بەرز ڕاگرتن و قەدرزانی بەرهەمە هونەرییەکان نییە، بەڵکو دابینکردنی بناغە چەمکییەکانە بۆ ڕەخنەگر بە لێکۆڵینەوە لەو چەمکە بنچینەییانەی کە بنچینەی چالاکییەکانی رەخنەگرانن و توانای ئەوەیان پێبدات بە روونیتر بنووسن قسە دەربارەی هونەر بکەن، لە لایەکی دیکەوە، پارچە دارێک کە نەخشێنراوە بۆ ئەوەی لە دارەکە بچێت ئەوکاتە شتێکی سروشتی نییە، بەڵکو هونەرە، هەرچەندە بەپێی سادەترین پێناسە، هونەر شتێکە لەلایەن مرۆڤ دروستکراوە، و لە سنووری ئەم پێناسەیەدا تابلۆ و پەیکەر، مۆنمێنت، کارێکە کەمرۆڤ دەیخوڵقێنێت گۆزارشت لە دەربرین و پەیامەکەی دەکات دەتوانرێت بە هونەر هەژمار بکرێت.