یەکێتیی نووسەرانی کورد بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی پەیامێکی بڵاوکردەوە
25
2024-02-22
رۆژی شەممە (10ـی شوباتی 2024) یەکێتی نووسەرانی کورد لە میانی پەیامێکدا ئاماژەی بەوەدا، ئەمڕۆ پەنجا و چوارەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کوردە، کە رێکخراوێکی نیشتمانی و نەتەوەیی تێکۆشەر بووە و بەردەوام لەگەڵ دۆزی رەوای گەلەکەماندا بووە و دەیان شەهیدی داوە، بۆیەش حزبی بەعس زۆر رقی لێ بوو، ئەوەبوو سەرەتای ساڵی هەشتاکان ئەم رێکخراوەی هەڵوەشاندەوە.
لە پەیامەکەدا هاتووە، لە دوای راپەڕینی ساڵی 1991 نووسەران خۆیان رێکخستەوە و لە شەقڵاوە کۆنگرەی حەوتەمیان بەڕێوەبرد، دوای ئەوە لقی هەولێر بە چالاکییەوە دامەزرایەوە، لەماوەی ئەم دەیان ساڵەدا لقەکەیان خزمەتێکی یەکجار زۆری بە ئەدەب و کولتوور، وشە و زمانی کوردی کردووە.
یەکێتی نووسرانی کورد ئاماژە بەوەدەکات، لقەکەمان بەپێی بەڵگە و کارەکانمان، چالاکترین و پڕ بەرهەمترین لق بووە، جگە لە ساڵانی پێشوو، تەنیا لە ساڵی رابردوو، بە ژمارە 76 کۆڕ و سیمینارمان کردووە کە مانگی دەکاتە 7 ئێوارە کۆڕ.
یەکێتی نووسەران بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لەخۆیان و سەرجەم ئەندامەکانیان و تێکڕای نووسەران دەکات.