کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق: داواکاری بۆ دامەزراندنی ٧٧ حزبی نوێ پێشکەشکراوە
19
2024-02-22
سەرکردەی ژمارەیەک حزب و لایەنی سیاسی نوێ نیگەرانن لەوەی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان سستە لە ناردنی بەڵگەنامەکانیان بۆ دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، ئەوەش دەرفەتیان بۆ ناھێڵێتەوە خۆیان بۆ ھەڵبژاردن ئامادە بکەن. بەڵام کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان دەڵێت لە بابەتی تۆمارکردنی حزبەکان بەیەک ئاست لەبەرامبەر حزبە سیاسییەکان وەستاوە.
جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ھیچ ئاستەنگییەک لەبەردەم تۆمارکردنی حزبەکاندا نیە، بەڵام کۆمەڵێک رێکار ھەیە پێویستە حزبە سیاسییەکان جێبەجێی بکەن بۆ تەواوکردنی رێوشوێنەکانی تۆمارکردن.
بەوتەی جومانە غەلای یەکێک لەو رێوشوێنانە بەپێی یاسا و رێنماییەکانی فەرمانگەی تۆماری حزبەکان، ناردنی ناو و بەڵگەنامەی ئەندامانی حزبەکەیە کە دەبێت ژمارەیان ٢ ھەزار ئەندام بێت. جگە لەوەش ھەندێ فۆڕم ھەیە پێویستە حزبەکە پڕیانبکاتەوە تاکو بتوانن رەوانەی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری بکەن بە مەبەستی وردبینیکردن.
وتەبێژی کۆمیسیۆن رونیشیکردەوە، ٢٦٩ حزبی مۆڵەتپێدراو لە عێراقدا ھەیە و داواکاریش بۆ دامەزراندنی ٧٧ حزبی نوێ پێشکەشکراوە، ھاوکات کۆمیسیۆن ١٥١ داواکاری بۆ تۆمارکردنی حزبی نوێ رەتکردوەتەوە، داواکاریش بۆ دامەزراندنی ١٨ حزب کشێنراوەتەوە و ٣ حزبیش خۆیان ھەڵوەشاندوەتەوە و ٢ حزبیش چالاکییەکانیان ھەڵپەساردووە.
بە بڕوای چاودێران، سەرەڕای بوونی خواست و ئامادەکاری حزبە بچوک و نوێکان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، بەڵام بەراورد بە حزبە گەورە و باڵادەستەکان کە خاوەنی پارە و ھەژموونن چانسێکی ئەوتۆیان نیە، لەبەرئەوە سوپرایزی گەورە لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا روونادات.