مەسرور بارزانی دەچێتە هەڵەبجە

9

9

2024-02-22

بڕیارە سبەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی هەڵەبجە بکات و بەردی بناخەی پڕۆژەی پردی تووەقوت دابنێت.
 
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە بە سەنگەر عەبدولڕەحمان، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی سەرۆکوەزیران جگە لە دانانی بەردی بناخەی پردی تووەقوت، پێدانی تابلۆی ئۆتۆمبێلی ژمارە هەڵەبجە رادەگەیێنێت و فراوانبوونی کارگەی رۆنی راسانیش بەسەر دەکاتەوە.
 
پەیام سەیوان، بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی خۆراکیی راسان، بۆ سازگار سەڵاح، پەیامنێری رووداو لە هەڵەبجە قسەی کرد و گوتی، ئەوان سەرقاڵی گەورەکردنی کۆمەڵگەکەیانن و تێیدا جووتیاران و 250 هاونیشتمانی سنوورەکە سوودی لێ دەبینن.
 
گوتیشی، سەرۆکوەزیران لە نزیکەوە بەسەریان دەکاتەوە و دەیەوێت بزانێت لەو ناوچەیە کەرتی تایبەت لە چ ئاستێکدایە و گوێش لە داواکارییەکانیان دەگرێت.
 
پردی تووەقوت پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان پێکەوە دەبەستێتەوە؛ شەممەی رابردوو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبکردنی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی پڕۆژەکەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی داوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.
 
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە رایگەیاندبوو، لە 2022ـەوە ئامادەن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و چاوەڕێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بوون بۆ دانانی بەردی بناخە.
 
پردی تووەقوت لە 2008 نەخشە و دیزاینی بۆ کراوە و بودجەشی بۆ تەرخانکرا، بەڵام نەچووە بواری جێبەجێکردن.