مونا قەهوەچی: نابێت تورکمانەکان ببنە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان
6
2024-02-22
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمانی دەڵێت، زۆربەی تورکمانەکان لە پارێزگای هەولێرن و ئەوان لە هەموو ئەگەرێک خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئامادەکردووە.
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ بڕیاردان و تاوتوێکردنی شەش دۆسیە لەکۆبوونەوەدایە، یەکێک لە دۆسیەکان یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە کە سکاڵاکە لەلایەن یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە تۆمارکراوە.
رۆژی چوارشەممە، 21-02-2024، مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمانی میوانی بووڵتەنی نیوڕۆژ بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات و لەبارەی سکاڵاکەی یەکێتی و مەترسیی نەمانی کورسیی پێكهاتەکان، گفتوگۆیان کرد.
مونا قەهوەچی گوتی، چاوەڕوانن بزانن ئەمڕۆ بڕیار لەبارەی داهاتووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەدرێت و ئایا بە چی میکانیزمێک دەبێت و "هیوادارین بڕیاری دادگە بڕیاریکی دەستوورییانە بێت و زەرەری بۆ هیچ لایەنێکی سیاسی بەتایبەتی بۆ پێكهاتەکان نەبێت."
بەگوتەی جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمانی، ئەگەر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پشت بە یاسای ساڵی 1992 ببەسترێت ئەوە پێکهاتەی تورکمان پەراوێز دەخرێت و هەر لایەنێکی سیاسی کوردستانی لەسەر ئەوەش رەزامەندبێت ئەوە بەشێک دەبێت لە پێشێلکردنی مافی پێکهاتەیەکی رەسەنی هەرێمی کوردستان کە تورکمانە.
ئەو سکاڵایەی لە دادگەی فیدراڵی تۆمارکراوە لەسەر مادەکانی (1، 9، 15، 22 و 36)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانە کە باس لە دابەشکردنی کورسیی پێكهاتەکان لە هەرێمی کوردستان دەکات.
مونا قەهوەچی دەڵێت، ئەگەر کورسیی پێکهاتەکان دابەشی سەر بازنەکانی هەڵبژاردن بکرێت ئەوە دەبێت بزانرێت بە چی میکانیزمێک دەبێت، چونکە تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێک لەبارەی ژمارەی پێكهاتەکان بەردەست نییە.
جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمانی گوتیشی: "وەکو پێکهاتەی تورکمان ئێمەش هیچ داتایەکمان لەبارەی ژمارەی تورکمانەکان لەبەردەست نییە، تەنیا ئەوەی دەیزانین زۆربەیان دانیشتووی پارێزگای هەولێرن."
بە ئەمڕۆوە ئەوە 12هەمین دانیشتنی دادگەی فیدراڵی عێراقە لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. دوایینجار رۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2024 دادگە لەوبارەوە کۆبووەوە، بەڵام هیچ بڕیارێک نەدرا.
مونا قەهوەچی دەڵێت: "تاوەکو ئەمڕۆ دادگەکە رای ئێمەی وەکو پێكهاتە وەرنەگرتووە ئایا رەزامەندین یاخود زۆینەی پێكهاتەکان لە چی پارێزگایەکە، نکۆڵی لەوە ناکەین کە پێكهاتەی تورکمان لە پارێزگاکانی دیکەش هەن، بە پێچەوانە دەمانەوێت ژمارەی کورسییەکانمان زیادبکات، بەڵام بە یاسایەکی دادپەروەرانە بکرێت."
جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمانی ئاماژەی بەوەشکرد، پێكهاتەی تورکمان بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان مافەکانی خۆی دەستەبەرکردووە و بەدەستیهێناون، بۆیە نایانەوێت بەهۆی ملمڵانی سیاسی کوردستانی ببێنە قوربانی ئەوەی کە پێکهاتەی تورکمان نەمێنێت.