CPT: لە نۆ ساڵدا 152 سڤیلی هەرێمی کوردستان بە بۆردوومانی تورکیا گیانیان لەدەستداوە

4

4

2024-02-22

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی CPTـی ئەمریکی دەڵێت، لە ئابی 2015ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ بەهۆی "هێرشی تورکیا"وە 152 هاونیشتمانی سڤیل لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
 
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکە کە کاریان دۆکیۆمێنتکردنی بۆردوومان و هێرشەکانی تورکیا و ئێرانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لەو ماوەیەدا 228 هاونیشتمانی سڤیلیش بریندار بوون.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، کامەران عوسمان، ئەندامی  تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی CPTـی ئەمریکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ساڵی 1990ـەوە بە بۆردوومانی تورکیا و ئێران نزیکەی 850 هاونیشتمانی کوژراون و بریندار بوون، کە زۆرینەیان بە هێرشی تورکیا بووە".
 
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکە بۆ رووداو، لە ساڵی 2023دا هێزەکانی تورکیا هەزار و 548 جار هێرش و بۆردوومانی خاکی هەرێمی کوردستان و نەینەوایان کردووە.
 
کامەران عوسمان دەڵێت، "هەزار و 159 هێرش لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی، 228 هێرش لە رێگەی درۆن، 114 هێرش لە رێگەی تۆپباران، سێ ‌هێرش لە رێگەی تەقەکردن و دوو جاریش لە رێگەی تەقینەوەی مین بووە."
 
بەگوێرەی پارێزگاکان هێرشەکانی پار بەمشێوەیە بووە؛ لە پارێزگای هەولێر 475 هێرش، پارێزگای دهۆک 517 هێرش، لە پارێزگای سلێمانی 420 هێرش و لە پارێزگای نەینەواش 36 بۆردوومان و هێرش.
 
بڕیارە مانگی داهاتوو رێکخراوەکە ئاماری تەواوی هێرشەکانی تورکیا و ئێران و ژمارەی قوربانییەکان بە وردی بخاتەڕوو.
 
دوایین هێرش کرابێتەسەر هەرێمی کوردستان ئێوارەی دوێنێ سێشەممەی رابردوو بوو، کاتێک سنووری ناحیەی دینارتەی سەر بە پارێزگای دهۆک بۆردوومانکرا و بەهۆیەوە دوو کەس بەناوەکانی بەشیر عومەر و عارف تەها گیانیان لەدەستدا.
 
سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە بە رووداوی راگەیاند، "بۆردوومانەکە لەلایەن فڕۆکەی جەنگیی تورکیاوە کراوە".