هەریەک لە ئەلفابێت و مایکرۆسۆفت سەروو 20 ملیار دۆلار قازانجیان هەبووە

هەریەک لە ئەلفابێت و مایکرۆسۆفت سەروو 20 ملیار دۆلار قازانجیان هەبووە

2024-02-22

قازانجی کۆمپانیای ئەلفابێت لە چارەکی چوارەمی ساڵی رابردوو 20.7 ملیار دۆلار و قازانجی مایکرۆسۆفتیش 21.8 ملیار دۆلار بووە.

 

ئەلفابێت کە بە کۆمپانیای گووگڵەوە دەناسرێتەوە رایگەیاند، لە چارەکی چوارەمی ساڵی 2023دا 86 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە و لەو بڕە پوختەی قازانجی 20 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار بووە.

 

ئەلفابێت دەڵێت، بایەخدان بە ژیریی دەستکرد و بەکارهێنانی لە کاتی گەڕانی ئینتەرنێتدا هۆکار بووە بۆ بەرزبوونەوەی داهات و قازانجەکانی کۆمپانیاکە.

 

بەشێکی گەورەی بەرزبوونەوەی داهاتەکانی کۆمپانیای ئەلفابێت هەروەها دەگەڕێتەوە بۆ پلاتفۆرمی یوتیوبی کۆمپانیاکە.

 

سندار پیچای، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گووگڵ لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بەکارهێنان و وەبەرهێنانەکانمان لە بواری ژیریی دەستکرددا بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی هەموو بەشەکانی کۆمپانیای ئەلفابێت پێشبکەون".

 

بەرزبوونەوەی خواست بۆ خزمەتگوزاری ژیریی دەستکردی گەورە کۆمپانیای تەکنۆلۆجیای مایکرۆسۆفت داهاتی کۆمپانیاکەی لە چارەکی چوارەمی 2023 دا بەرزکردەوە.

 

لەلایەکی دیکە، پوختەی قازانجی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لە چارەکی چوارەمی ساڵی رابردوودا بەرێژەی 33٪ بەرزبووەتەوە بۆ 21 ملیار و 870 ملیۆن دۆلار.

 

بەراورد بە چارەکی کۆتایی ساڵی 2022، داهاتی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لە چارەکی چوارەمی 2023دا بەڕێژەی 18٪ بەرزبووەتەوە بۆ 62 ملیار و 20 ملیۆن دۆلار.

 

بەرزبوونەوەی داهاتی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بەهای کۆمپانیاکەی بەرزکردووەتەوە بۆ کۆمپانیایەکی تریلیۆن دۆلاری.

 

ساتیا نادێلا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئەوان لەو قۆناخە دەرچوون کە تەنیا باس لە ژیریی دەستکرد بکەن و ئێستا تەکنۆلۆجیای ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنن و بە کردەیی لە خزمەتگوزارییەکانیاندا رەنگی داوەتەوە".