مارک زوکەربێرگ بووە چوارەم دەوڵەمەندترینی جیهان
مارک زوکەربێرگ بووە چوارەم دەوڵەمەندترینی جیهان
2024-02-22
ەکاتی داخرانی بازاڕە داراییەکان (کاژێر 1ـی دوای نیوەڕۆی شەممە) سامانی مارک زوکەربێرگ، خاوەنی کۆمپانیای مێتا، 28 ملیار دۆلار بەرزبووەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی پشکەکانی مێتا بەهۆی زیادبوونی قازانجەکانی کۆمپانیاکەوە هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی سامانی زوکەربێرگە. کۆمپانیای مێتا شەوی پێنجشەممە، 1.2.2024 رایگەیاند، لە چارەکی چوارەمی ساڵی رابردوودا قازانجەکانی زیاتر لە ٪200 زیادبووە و گەیشتووەتە 14 ملیار دۆلار. ئەم ئاستەش زیاترە لە پێشبینیی شرۆڤەکارانی وۆڵ ستریت.
بەهۆی هەواڵەکەوە، نرخی پشکەکانی مێتا لە دوو رۆژدا 80 دۆلار بەرزبووەوە و لەکاتی داخستنی بازاڕدا، لە 374 دۆلارەوە گەیشتە 474 دۆلار . بەوهۆیەوە، ئێستا سامانی زوکەربێرگ گەیشتووەتە 167 ملیار دۆلار و هاتە پلەی چوارەمی دەوڵەمەندترین کەسانی جیهان، بەوەش پێش بیڵ گەیتس، دامەزرێنەری هاوبەشی مایکرۆسۆفت کەوتەوە.
مێتا دەڵێت، "لە 26ـی ئاداری ئەم ساڵەوە و لەمەودوا لە کۆتایی هەر چارەکێک، بۆ هەر پشکێک 0.50 دۆلار دەدەنە خاوەن پشکەکان، بەوشێوەیەش زوکەربێرگ بڕی 174 ملیۆن دۆلار بەشێوەی کاش وەردەگرێت، بەوپێیەی خاوەن 350 ملیۆن پشکە."
بەم پێیەش، ساڵانە زوکەربێرگ نزیکەی 690 ملیۆن دۆلاری بەشێوەی کاش پێدەدرێت.
خاوەنەکەی فەیسبووک لە دەوڵەمەندترین ساتی هەموو تەمەنیدایە و تاوەکو ئێستا نەبووە سامانەکەی بگاتە 167 ملیار دۆلار.
دوایین جار لە ساڵی 2021ـدا سامانی زوکەربێرگ گەیشتە بەرزترین ئاست کە ئەوکاتە 142 ملیار دۆلار بوو.
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022ـدا و بەهۆی داڕمانی پشکەکانی کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکان لە دەرەنجامی بەرزبوونەوەی رێژەی سوودی بانکییەوە، سامانی زوکەربێرگ بۆ 35 ملیار دۆلار دابەزی، بەڵام لە ساڵی رابردوودا دەستی بە بەرزبوونەوە کردەوە.
لە مانگی یەکی ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا نرخی هەر پشکێکی مێتا 109٪ بەرزبووەتەوە.