بانکی ناوەندیی عێراق هەشت بانکی عێراقی و کوردستانی لە مامەڵەکردن بە دۆلار بێبەش دەکات
2024-02-22
بانکی ناوەندیی عێراق لیستێکی نوێی ئەو بانکانەی بڵاوکردەوە، کە بێ بەشکراون لە مامەڵەی دۆلار، لیستەکە ناوی هەشت بانکی نوێی عێراقی و کوردستانیی تێدایە.
لیستی نوێی بانکە بێ بەشکراوەکان لە زیادکردنی دۆلاری بانکی ناوەندی عێراق کە کۆپییەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتووە، لەکاتێکدا بڵاودەبێتەوە کە هەفتەی رابردوو برایان نیڵسن، جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ کاروباری رووبەڕووبوونەوەی شووشتنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆریزم، سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبووەوە.
ئەو هەشت بانکە نوێیەی بۆ لیستی بانکە بێ بەشکراوەکان لە دۆلار زیادکراون بریتین لە: بانکی ئاشوور بۆ وەبەرهێنان، بانکی وەبەرهێنانی عێراق، بانکی یەکێتیی عێراق، بانکی ئیسلامیی نێودەوڵەتیی کوردستان، بانکی ئەل هودا، بانکی ئیسلامیی باشوور، بانکی ئیسلامیی عەرەبی و بانکی بازرگانی حامورابی.
گوتەبێژێکی گەنجینەی ئەمریکا لەو بارەیەوە رایگەیاند "ستایشی رێوشوێنەکانی بانکی ناوەندیی عێراق دەکەین بۆ پاراستنی سیستمی دارایی عێراق لە خراپ بەکارهێنان. ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بانکە یاساییەکانی عێراق بتوانن لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییە داراییەکان پەیوەست بن."
لە مانگی 7ـی ساڵی 2023ـوە لەسەر داوای بەرپرسانی ئەمریکا، بانکی ناوەندیی عێراق 14 بانکی عێراقی لە مامەڵەکردن بە دۆلاری ئەمریکی بێ بەش کرد.
بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاندووە؛ ئەو بانکانەی بێ بەشدەکرێن لە مامەڵەکردن بە دۆلار، دەتوانن بە دراوی دیکە مامەڵە بکەن.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هەفتەی رابردوو بە تۆمەتی ئەوەی چەندین ملیار دۆلاری گواستووەتەوە بۆ ئەو گرووپانەی کە پەیوەستن بە ئێران، "ئەل هودا بانک"ـی خستە نێو لیستی گەمارۆکانی.
بێ بەشکردنی بانکە عێراقییەکان لە مامەڵەکردن بە دۆلار ''بۆ کەمکردنەوەی ساختەکاری، شووشتنەوەی پارە و کاری دیکەی نایاساییە بە دۆلاری ئەمریکی'' و لە چوارچێوەی هەوڵەکانی گەنجینەی فیدراڵیی ئەمریکایە بۆ رێگریکردن لە گواستنەوەی پارە بۆ ئەو وڵاتانەی لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکادان، وەک ئێران، سووریا و لوبنان.