بەهای پشکەکانی سناپ بە رێژەی 30٪ دابەزی
2024-02-22
کۆمپانیای Snap Inc راپۆرتی دارایی چارەکی چوارەمی ساڵی 2023ی بڵاوکردەوە و تێیدا دەردەکەوێت، لە گەشەکردن وەستاوە، بەهۆیەوە بەهای پشکەکانی بە رێژەی 30٪ دابەزی.
چاوەڕوان دەکرا لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو کۆمپانیای سناپ کە بە تۆڕی کۆمەڵایەتی سناپ چات ناسراوە 1.38 ملیار دۆلار داهاتی هەبێت، بەڵام داهاتی کۆمپانیاکە 1.36 ملیار دۆلار بووە.
بەپێی راپۆرتی دارایی کۆمپانیای سناپ، بۆ شەش چارەکی یەک لە دوای یەکە کە ئەو کۆمپانیایە داهاتەکانی کەمدەبێتەوە و لە گەشەکردن وەستاوە.
هۆکاری لە گەشەکەوتنی کۆمپانیای سناپ گەڕێندراوەتەوە بۆ شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە لە مانگی 10ی ساڵی رابردوو دەستیپێکرد.
لە نامەیەکدا بۆ وەبەرهێنەرانی، کۆمپانیای سناپ رایگەیاندووە، "هەرچەندە گەشبینین بە بەرزبوونەوەی داهاتی کۆمپانیاکە کە بە هۆی ریکلامەوە بەدەست دێت، بەڵام شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هۆکار بووە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکە وەک پێویست نەتوانێت گەشەبکات."
کۆمپانیای سناپ پێشبینیکردووە، لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا، داهاتی نزیکەی 1.135 ملیار دۆلار بێت.
سناپ چات هەروەها پێشبینیکردووە، ژمارەی بەکارهێنەرانی لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا بەرزبێتەوە بۆ 420 ملیۆن کەس.
لە دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتی دارایی کۆمپانیاکە، بەهای پشکەکانی سناپ لە 17.45 دۆلارەوە دابەزی بۆ خوارەوەی 12 دۆلار و بەوپێیەش بە ریژەی زیاتر لە 30٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی.
کۆمپانیای سناپ لە چارەکی چوارەمی 2023دا نە تەنیا قازانجی پوختەی نەبووە، بەڵکو بە بڕی 248.2 ملیۆن دۆلار زیانی کردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا قەبارەی زیانەکانی بەراورد بە چارەکی چوارەمی ساڵی 2022 کەمتر بووە، بە واتایەکی دیکە زیانەکانی بە رێژەی 14٪ کەمبووەتەوە.
سناپ یان سناپ چات کۆمپانیایەکی تەکنۆلۆجیای ئەمریکییە کە لە ساڵی 2011وە لە شاری کالیفۆرنیا دامەزراوە و لە رێگەی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەوە بەکارهێنەران فۆتۆ و ڤیدیۆکانیان دەتوانن هاوبەشی پێ بکەن.